دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت کران

20:45 - 21 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ئەو شارەی بانگهێشت کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \" مورتەزا نووری\"، ٢٧ساڵە، کوڕی محەممەدتاهیر و \"محەممەد شەریفی\"، ٤٣ ساڵە کوڕی محەممەدئەمین، خەڵکی گوندی \"ساڵیان\" سەر بە بەشی کەڵاتەرزانی سنە، بۆ ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بانگهێشت کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆکاری بانگهێشتی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بەشداری چالاکانە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی گوندی \"ساڵیان\" بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە دەکات، کە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش چوار کاتژمێر لێپێچینەوە ئازاد کراون.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ١٧ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \" محەممەد ئەلیاسی\" و \" هیوا قوربانی ئەقدەم\" خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\"، لە لایەن پایگای \"قەرە مووسالی\"ـەوە، بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کراون.