دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئیلام و ئیسفەهان ئێعدام کران

14:36 - 26 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی دیواندەرە و ئیلام، لە ئیسفەهان و ئیلام لە سێدارە دران.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد، بە ناوی \"مەولوود شاحوسێنی\" تەمەن ٢٩ ساڵ، لە زیندانی نەجەفاوی شاری ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند: ئەو زیندانییە کوردە بە تۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
هەروەها ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، باسی لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد، بە ناوی \"کوورش (عەلی) بێهزادیان، لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، لە زیندانی ئیلام کرد.

ئەو زیندانییە کوردە خێزاندار و خاوەنی دوو مناڵە، کە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە ئێعدامکراوە ماوەی ٦ ساڵ لە زیندانی ئیلامدا بووە.

سەرەڕای ڕەخنەی کۆمەڵگای جیهانی، حکوومەتی ئێران بە بەردەوامی درێژە بە سزای ئێعدام دەدات، لە ڕوانگەی کۆمەڵناسان و مافناسانەوە، لێکەوتەکانی لەسێدارەدان بۆ بنەماڵەکان و بەجێماوەکانی نالەبارە و قورسی ئاسەواری ئەو سزایە دەکەوێتە سەر شانی ئەوانەوە.