دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی ئیلام و سنە دەسبەسەر کران

11:35 - 29 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو لاوی کوردیان لە شارەکانی ئیلام و سنە، بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانبار، لاویکی ئیلامی بە ناوی "ئەمیر عەلی مەجدی" لە شوێنی کارەکەی لە کتێبفرۆشیدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو لاوە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و لە کاتی دەسبەسەریدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٧ی بەفرانبار، لاوێکی کورد بە ناوی "ئارمان محەممەدی" خەڵکی شاری سنە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی قەراگای شارامفەر کراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو لاوە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا، نییە.