دوو هاووڵاتیی کورد، لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کران

15:22 - 3 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و سەڵماس، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، لاوێکی کورد بە ناوی \"عەلی جەوازک\"، خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان لە پەیوەندی لەگەڵ \"لایەنگەری و پڕوپاگەندە بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە فەزای مەجازی\"، دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت: \"عەلی جەوازک پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەتا ئێستا بێئاکام بووە.\"

\"ئەرسەلان جەوازک\"، برای \"عەلی جەوازک\"، پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران بووە و لە ڕۆژی دووشەممە، ٣ی خەرمانانی ساڵی ٩٧دا، لەگەڵ پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەو حیزبە بە ناوی \"پەرویز عەبدی\"، لە شاری مەریوان، لەگەڵ ‌هێزەکانی سپای پاسداراندا تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون و گیانیان لەدەست دا.

لە لایەکی دیکەوە، هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سامی محەممەدنژاد\"، کوڕی جەماڵ، خەڵکی شاری سەڵماس، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لە شەقامی ڕەزایی، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکنی دژبەری حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی و لەگەڵ لێدان و ئازار و ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بووە.