دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان و مەهاباد دەسبەسەر کران

12:05 - 20 پووشپەڕ 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرشاد بەیگی" خەڵکی کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی بووە و هەروەها لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا، ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی "فەرشاد بەیگی" هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەو هاووڵاتییە ساڵی ٩٣ پاش ناڕەزایەتی بە حوکمی ئێعدامی "ڕەیحانە جەباری مەلایری" بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ، لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوی "مەتین خولە" کوڕی "ئیدریس" خەڵکی مەهاباد، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش هێرش کردنە سەر ماڵی باوکی ئەو لاوە و پشکنینی ماڵەکەیان و دەسبەسەرکردنی "مەتین"، هێندێک کەرەستەی کەسیی ئەو لاوەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو لاوە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.