دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد دەسبەسەر کران

21:00 - 9 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەهاباد و بۆکانیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، ژنێکی کورد بە ناوی \"بەفرین\" خەڵکی \"گۆگتەپە\"ی شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هاوژینی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە ناوی \"حەسەن ئەرتەنگ\" ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو ژنه کوردە، پاش دسبەسەر کرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەروەها هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"قادر حوسێن‌زادە\" خەڵکی شاری بۆکان بە هۆکاری نادیار لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان لە چارەنووس و تۆمەتی‌ وەپاڵدراوی کورەکەیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.