دوو هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و شنۆدا هانایان بۆ خۆکوژی برد

16:10 - 26 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی شنۆ و بۆکان، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٢٥ی جۆزەردان، ژنێکی لاو بە ناوی \"کیمیا شێخانی\"، کچی ئەحمەد، خەڵکی گوندی \"گوڕگاوێـ\"ـی شاری شنۆ، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

\"\"ئەرسەلان ڕەحیمی
دەوترێت کە ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، دەستی داوەتە خۆکوشتن.

لە لایەکی دیکەوە، لە هەمان ڕۆژدا، لاوێکی بۆکانی بە ناوی \"ئەرسەلان ڕەحیمی\"، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، لە گەڕەکی \"دامدارانـ\"ـی شاری بۆکاندا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییانی کورد، ڕووی لە زیادبوون کردووە و خەمۆکی، کێشەی بنەماڵەیی و هەژاری و دەسکورتی، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژیی هاووڵاتییان دێنە ئەژمار.