دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری ڕوانسەر دەسبەسەر کران

11:19 - 11 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و ڕوانسەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری ڕوانسەر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولڕەحیم نەزەری"، کوڕی "شوکروڵڵا" و خەڵکی شاری کرماشان لە شاری ڕوانسەر، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکانە ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کرماشانییە ڕێکەوتی ١ی بەفرانباری ساڵی ٩٦، بە هەمان تۆمەت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری جوانڕۆ دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سیشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٧، ڕەوانەی زیندانی دیزڵاوای شاری کرماشان کرا.

عەبدولڕەحیم نەزەری، ١٦ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٧ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "جوبرەئیل عەزیزی" کوڕی "سدیق" و خەڵکی شاری ڕوانسەر بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی عەزیزی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

وێنە: عەبدولڕەحیم نەزەری