دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کران

14:50 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شاری مەهاباد، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٦ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"شێرکۆ ڕەهبەری و یەعقووب محەممەدی\"، خەڵکی \"گوگتەپە\"ی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنیان و شوێنێ ڕاگیرانیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەزڵوەر، کچێکی کورد بەناوی \"ئەفسانە خورسەندی\"، خەڵکی هەمان گوند (گۆگتەپە)، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.