دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری سەڵماس ئێعدام کران

15:27 - 3 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی بەڕێوەچوونی ئێعدامەکان لە کوردستان، دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری سەڵماس لەسێدارە دران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ، لە زیندانی سەڵماس حوکمی ئێعدامیان بەڕێوەچوو.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لە ئێعدام کراوەکانی بە ناوی\"بەختیار مامەدی\"ڕاگەیاندووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی دانیشتووی ناوچەی ئەنزەلیی ورمێ، بە ناوی\"شۆڕش فاروقی\" کوڕی\"رۆستەم\"، دانیشتووی گوندی\"کۆرەی سەرەوە\"، حوکمی ئێعدامەکەی لەسەر جێبەجێ کراوە.
ئەو دوو هاووڵاتییە پاش تێپەڕاندنی ماوەی شەش ساڵ لە زیندانیی بوونیان لە زیندانی شاری سڵماس ئێعدام کراون، و تەرمی ئەو دوو هاووڵاتییە دراوتەوە بە بنەماڵەکانیان و لە گۆڕستانی \"قەزڵ کەند\" ئەسپەردەی خاک کراون.

ئەو هاووڵاتییانە بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هوشبەر دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بە تاوانی کڕین و فرۆشتنی ماددەی سڕکەر لە زیندانەکاندا ئێعدام دەکات، کە ئەمەش نیگەرانیی چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لێ کەوتووەتەوە، بە نیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێران، لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە هوشدار دراوەتە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران.