دوو هاووڵاتیی کورد لە سنووری شنۆ کوژران و بریندار بوون

11:32 - 29 خەرمانان 2720

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حەسەن خەندە‌پوور" کوڕی حاجی "سیراجەدین" خەڵکی گوندی "لولکانـ"ـی ناوچەی دەشتە‌بێڵی شنۆ، بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لەدەست دا و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "عەرەب" کوڕی "محەممەد" بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخی گادەر لە سنووری شنۆ، تەقەیان لەو دوو هاووڵاتییە کردووە کە سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات بوون".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو، "عەرەب" پاش برینداربوونی بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران، دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی سپای پاسداران لە شاری نەغەدە ڕاگوێزراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بەسەر ٤١٠ سەر مەڕی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتووە".

"حەسەن خەندە‌پوور" خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.

هەتا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەمەڕ تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لەو دوو هاووڵاتییە بەدەست نەهاتووە.

وێنە: حەسەن خەنەدە‌پوور