دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ ئێعدام کران

14:22 - 14 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی ورمێ و نەغەدە لە زیندانیی ناوەندەیی شاری ورمێ بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٤ گەلاویژ، دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی ورمێ و نەغەدە، لە لایەن بەرپرسانی زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردی \"سەعیدپوور هورموزی\" و \" حوسێن شاهینی\" ڕاگەیاند.

حوسێن شاهین خەڵکی گوندی \"کۆسە ئەحمەد\" لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی بە تۆمەتی هەڵگرتنی٤٠٠ گەرەم شیشە دەستبەسەر کرابوو.

سەعید پوور هورموزی خەڵکی شاری نەغەدە لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی بە تۆمەتی ١٠ کیلۆ شیشە لە زیندان دابووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کورده لە سێدارە دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی گشتیی ئێران داوای لێبوردنی بۆ سەعیدپوور هورموزی کردبوو، بەڵام ئەو داوایە لە لایەن کۆمیسیۆنی لێبوردنی پارێزگاوە ڕەت کرابووە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران حوکمی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تاوانی پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر دەر کرووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا،حەوتووی ڕابردوو، سێ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی ورمێ و مەهاباد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانی کردن بە ماددەی سڕکەر، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.

فەتاح ئەمینی بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست و فەرهاد مووسازادە و داوود ماڵدار بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی سڕکەر لە سێدرا درابوون.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانیش زۆربەی ئێعدام کراوەکان کەسانێک بوون کە بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددەی سڕکەر ئێعدام کراون.

ئێران لە پاش چین، دووهەمین وڵات بە ئەژمار دێت لە ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی خۆی.