دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران

20:00 - 10 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی کوردی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ لە زیندانی ناوەندیی ورمێ (زیندانی دەریا) دوو کەس بەناوەکانی ناجی عومەرزادە کوڕی عومەر و حەمید ئیسلام کوڕی سولێمان لەسێدارە دران.

دەگوترێت، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە تاوانی \"کوشتنی ئەنقەست\" حوکمی \"تۆڵە کردنەوە\"یان بۆ بڕاوەتەوە و لەسێدارە دراون.

ئەو دووکەسە لەسێدارە دراوە خەڵکی گوندەکانی \"کانی‌سپی\" و \"ساکان\"ی سەربە ناوچەی سۆمای برادۆستی شاری ورمێ بوون.

هەروەها هێندیک لە سەرچاوە خۆجێیەکان باس لە راگواستنی دوو زیندانیی دیکەی تاوانبار بە کوشتنی ئەنقەست بەناوەکانی کەریم رەسایی و سیراجەدین رەسایی بە مەبەستی لەسێدارەدان بۆ ژووری قەرەنتینەی نێو زیندانی ناوەندیی ورمێ راگوێزراون.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لەماوەی ئەمساڵی زایینی‌دا سەرجەم ٢٦ کەس لە زیندانەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

هەروەها بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی‌دا سەرجەم ٧٧ کەس لە زیندانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسێدارە دراون.