دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ورمێ بە شێوەی کاتی ئازاد کران

16:52 - 19 خاکەلێوه 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شارام کازمیان و محەممەد قزلباش"، خەڵکی ورمێ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

"شارام کازمیان" بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە و هەروەها "محەممەد قزلباش" بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کراوە.

لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، شارام کازمیانی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و ئەم حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، بەو زیندانییە کوردە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕێبەندان، ئەو هاووڵاتییە پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ١١ی بەفرانبار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

"محەممەد قزلباش"، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ٩٨، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو حەوتوو لە گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییه خەڵکی ورمێیە و پاش سێ حەوتوو ڕاگیرانی لە بەندەکانی "تەلاش و ئەمنیـ"ـی زیندانی ورمێ، ڕۆژی هەینی ٨ی خاکەلێوە، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.