دوو هاووڵاتیی کورد لە بۆکان دەسبەسەر کران

11:28 - 1 رێبەندان 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "قادر ڕەسووڵپوور" و "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندان، هێزەئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر گوندی "ئاڵی کەند" سەر بە بۆکان و "قادر ڕەسووڵپوور"یان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، زیندانیی سیاسیی ساڵەکانی ٦٠ی هەتاوییە و بۆ ماوەی ٦ ساڵ لە زینداندا بووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی قادر ڕەسووڵپوور، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵی ناوبراویان شکاندووە.

هەروەها شەوی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار، "محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور"، لە شوێنی کارەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی ئەو هاووڵاتییە، هەندێک کەرەستەیی کەسیی ناوبراویان وەکوو کامپیوتێر، مۆبایل و هەروەها فیلمی کامێرای چاوەدێریی شوێنی کارەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

وێنە: قادر ڕەسووڵپوور و محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور