دوو هاووڵاتیی کورد حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕایەوە

13:53 - 15 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی بۆ دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سەرپێلی زەهاو بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد بە تاوانی دزی کردن لە یەکێک لە زێڕینگەرییەکانی شاری سەرپێلی زەهاو وهەروەها کوشتنی کەسێک بە ئێعدام مەحکووم کراون.

ئەو حوکمە کەمتر لە سێ مانگە لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بڕاوتەوە.

سەرۆکی دەزگای داد لە پارێزگای کرماشان لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس، باسی لەوە کردووە کە ئەو دۆسیە دەبێ بە زوترین کات تاوتوێ بکرێت.

بە وتەی \"محەممەد ڕەزا عەداڵەت خواە\" هاووڵاتییەکی دیکە هەر لە پەیوەندیی لەگەڵ دزی کردن لە زێڕینگەریەکدا بە زیندانی درێژ ماوە مەحکووم کراوە.

دەزگای قەزایی ئێران بەبەردەوامی لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی وەک، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕێپورتێری تایبەتی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و چاودێرانی مافی مڕۆڤەوە بە\"پێشێل کردن و ناکارایی\" تاوانبار دەکرێت.

بەپێی ئامارەکان؛ لە سەرەتای ئەمساڵەوە (١٣٩٥) زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.