دوو هاووڵاتیی کورد بەهۆی تەقینەوەی گولـلە تۆپ کوژرا و بریندار بوون

10:59 - 24 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد لە شاری ئەزگلە سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی، بەهۆی تەقینەوەی گولـلە تۆپی پووچەڵ نەکراوەوە، کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی مەلەکی"، تەمەن ٢٢ ساڵ، بەهۆی تەقینەوەی گوللـە تۆپێکی پووچەڵ نەکراوە لە شاری ئەزگلە گیانی لەدەست دا و هەروەها لاوێکی دیکە بە ناوی "ئارمان مەلەکی"، تەمەن ١٩ ساڵ، بە سەختی بریندار بووە.

لەو ڕووداوەدا، "ئارمان مەلەکی"، لاق و باسکی دەستی ڕاستی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.

کارناسان هۆکاری تەقینەوەی ئەو گولـلە تۆپەیان بۆ دەستکاری کردن، گەڕاندەوە.

لانیکەم ١٦ ملیۆن مین لە پانتایی نزیکەی چوار ملیۆن و ٢٠٠ هێکتار لە زەوینەکانی پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، ئیلام و خووزستان بوونیان هەیە.