دوو هاووڵاتیی کورد بە هۆی هەژارییەوە کۆتایی‌یا‌ن بە ژیانی خۆیان هێنا

15:07 - 31 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە هۆی هەژاری و دەسکورتییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی بانەمەڕ ژنێک بەناوی زەڕین کامرانی خەڵکی ئاوایی \"سەفی ئاوا\"ی سەربە جوانڕۆ لە رێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێت کە ئەم ژنە بە هۆی هەژاریی، دەسکورتی و کێشەی بنەماڵەیی‌یەوە خۆی سووتاندووە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی شارستانی کەنگاوەر لە ئوستانی کرماشان خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و خاوەنی کوڕێک بووە و هۆکاری خۆکوژییەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ هەژاری و بی دەرەتانی.

بەپێی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە دەسپێکی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٥ هاووڵاتیی کورد لە ناوچەکوردنشینەکانی ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆر کۆتایی‌یان بە ژیانی خۆیان هێناوە.