دوو هاووڵاتیی کورد بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

21:53 - 14 رێبەندان 2719

لاوێکی کورد بە ناوی "جەماڵ مەحموودزادە" تەمەن ٢٧ ساڵ کوڕی عەبدوڵلا، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری ورمێیەوە،  بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو لاوە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردبوو.

جەماڵ مەحموودزادە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧،  لە ماڵەکەی خۆیدا لە شارەکی شاهیدی ورمێ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، پاش نزیک بە سێ مانگ لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، ئازاد کرا.

ئەو لاوە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەر کرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، لاوێکی کورد خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی "حەسەن هاشمی" تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ئیسماعیل بە تۆمەتی "هاکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

بڕیارە ئەو لاوە کوردە، لە چەند ڕۆژی داهاتووەدا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیی بوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی دێزڵئاوای شاری کرماشان بکرێت.

ڕۆژی شەممە ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو.