دوو هاووڵاتیی کورد، بە ٤ ساڵ زیندان و سزای نەختی مەحکووم کران

22:06 - 7 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی \"کەڵات و ڕوودبار\"، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کەڵات، بە ٤ ساڵ زیندان و سزای نەختی مەحکووم کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری کەڵات، بە سەرۆکایەتیی \"حوسێن موختاری فەرد\"، دوو هاووڵاتیی کوردی بە ناوەکانی \"مێهدی گەنج‌بەخش\"، خەڵکی شاری کەڵات و \"کامبیز کازمی\"، خەڵکی شاری ڕوودباری گیلان، بە چوار ساڵ زیندان و سزای نەختی مەحکووم کرد.

بەپێی ئەو حوکمە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی، لە ڕێگای تۆڕەکانی موخابراتییەوە\"، تاوانبار و دادگا بە پشتبەستن بە مادەی ٧٤٦ی یاسای سزای ئیسلامی، هەر کام لەو دوو کەسەی بە دوو ساڵ زیندان و دانی بڕی ٤ ملیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە سندووقی دەوڵەت، مەحکووم کرد.

دادگا بەهۆی نەبوونی تاوانی پێشتری \"کامبیز کازمی\"، بە پشتبەستن بە مادەکانی ٤٦ و ٥٤ی یاسای سزای ئیسلامی، حوکمەکەی بۆ ماوەی چوار هەڵپساردووە.

\"مێهدی گەنجبەخش\"، خەڵکی شاری کەڵات لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، پاش هەڕەشەی ناوەندە ئیتلاعاتی و قەزاییەکانی حکوومەتی ئێران، زێدی خۆی بەجێهێشت و لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نیشتەجێیە.

\"\"

\"\"