دوو هاووڵاتیی کورد بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.
"شیروان سلێمان نژاد" و "شەیدا نەجەفیان"، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو"، هەر کامەیان و بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، سێ مانگ پێش لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە ورمێ دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمی بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" ڕاگەیاندووە و ئەو حوکمەش دوو حەوتوو پێش لە زیندانی ورمێ بەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.
لە هەنووکەدا "شیروان سلێمان نژاد" لە بەندی لاوان و "شەیدا نەجەفیان"، لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگیراون.