دوو هاووڵاتیی کورد بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کران

19:40 - 3 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگایی ئینقلابی ورمێ دوو هاووڵاتیی کوردی بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عیسمەت سەلەحشوور\" کوڕی خورشید خەڵکی گوندی \"فلکان\" سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە لایەن دادگایی ئینقلابی ورمێوە بە پێنج ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

دادگایی ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" ئەو حوکمەی بۆ ئەم هاووڵاتییە کوردەی دەر کردووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ٤ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەم ئیدارەیە ڕاگوێزرابوو.

عیسمەت سەلەحشوور لە ماوەی دەسبەسەریدا \"لە دەست پێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە\" بێبەری بووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"کەماڵ عەبدوڵڵاهی\" کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی \"دروبکە\"یی پیرانشار لە دادگایی ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی \"سیخۆری و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەم حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانبار بە ئەم هاووڵاتییە کوردە لە زیندانی ورمێ ڕاگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ١٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ دەسبەسەر و پاش سێ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزراوە.

وێنە: عیسمەت سەلەحشوور