دوو هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:42 - 2 بەفرانبار 2720

ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهزاد تەلایی" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی گوندی "ئەنبێ" سەر به ناوچەی تەرگەوەڕ و دانیشتووی شاری ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، "بێهزاد تەلایی" پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

 ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە کوردە، لە بەندی ڕاوێژی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی  زیندانییانی سیاسیی ئەو زیندانە ڕاگوێزرا.

تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە کوردە "ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان" ڕاگەیاندراوە.

بێهزاد تەڵایی  ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "وەلی قەلوەزی خەڵکی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە سنەییە لە ماوەی ٢١ ڕۆژ دەسبەسەر کرانیدا، لە پەیوەندیی "تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری "کراوە و لە تۆمەتی‌وەپاڵدراوی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا، نییە.

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەز، وەلی قەلوەزی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ڕاگوێزرابوو.