دوو هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شیرینی" لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان‌دا دەسبەسەر کران

21:51 - 7 رێبەندان 2719

ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەمیع عەلیزادە"، خەڵکی ورمێ، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شیرینی" لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، ٧٤هەمین ساڵیادی کۆماری کوردستان، دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکرانی، سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتی و دادوەرییەکانیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان لەو بارەیەوە وەرنەگرتووە.

هاوکات لە کرماشان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەبولفەزڵ زاهێد"، بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی شیرینی" لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کرماشانییە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.