دوو هاووڵاتیی کورد بۆ زیندانەکانی ورمی و سەقز ڕاگوێزران

11:13 - 23 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کوردی خەڵکی ورمێ و سەقز، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو دوو شارە ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، زیندانییەکی کورد بە ناوی "کەیهان نیکزاد"، تەمەن ٢٩ ساڵ، کوڕی "یەعقووب"، دانیشتووی شارەکی "تەرزیلوو"ی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە چەند ڕۆژ پیش، زیندانییەکی کورد بە ناوی "یاسین کەنعانی"، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزراوە.

"یاسین کەنعانی" کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران بۆ شاری سەقز، لەگەڵ "ئاسۆ ڕەمەزانزادە"، بە تۆمەتی"لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خاکەلێوە، "یاسین کەنعانی" پاش دوو مانگ دەسبەسەری، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرابوو.