دوو هاووڵاتیی کورد بۆ زیندانی شاری شنۆ ڕاگوێزران

15:22 - 8 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە، ٥ی گەلاوێژ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"فەتاح عەلی کورد\"، خەڵکی\" نەرزیوێ\" و \"یوونس شەریفی\" خەڵکی گوندی \"قەزنئاوێ\"ی شاری شنۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەیان، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن دەزگای قەزاییەوە بە سێ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون و ئەم حوکمەش لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، بۆ سێ مانگ کەم کرایەوە.

\"یوونس شەریفی و فەتاح عەلی کورد\"، ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٧٢ ڕۆژ لە گرتنگە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.