دوو هاووڵاتیی کورد به هۆکاری نادیار لە مەریوان دەستبەسەر کران

20:06 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی \"هەورامان تەخت\" و نیشتەجێی شاری مەریوانیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد به ناوی \"زانیار مورادی\"، لە شوێنی کارەکەی له شارەکی سەنعەتیی مەریواندا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، بە بێ ئیزنی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە و ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەکی کورد به ناوی \"حەمید ئەحمەدی\" له مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوەتەوە.

تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانی ئەم دوو هاوووڵاتییە کوردە بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت به منداڵەکانیان هیج ئاکامێکی نەبووە.

ئەم دوو هاوووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندەکانی \"سلێن و دگاگا\"، سەر به بەخشی \"هەورامان\" لە شارستانی سەوڵاوان.

وێنە: حەمید ئەحمەدی و زانیار مورادی