دوو هاووڵاتیی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا کران
حەوتووی ڕابردوو، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەدسەعید ساڵحی و ئیبراهیم عەبدی" خەڵکی گوندی "دزڵیـ"ـی شاری سەوڵاوا، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە سەقاڵی ئاژەڵدارین و هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بیانووی هاوکاری نەکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ ئیتلاعات، بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە لە شاری سەوڵاوایان کردوون".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە، هەڕەشەیان لەو دوو هاووڵاتییە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک مافیان نییە مەڕەکانیان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بفرۆشن.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند: "بەرپرسانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەوڵاوا بەو دوو هاووڵاتییەیان وتووە کە لە ئەگەری فرۆشتنی مەڕەکانیان، دەبێ ئەو ناوەندە ئاگادار بکەنەوە".