دوو هاووڵاتیی پیرانشاری بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

11:16 - 15 بەفرانبار 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عومەر خاگزاد و عەباس سدیقی" خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان"ی سەر بە پیرانشار، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، هەرکامەیان بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

دادگای ئینقلاب ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی به "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار و ئەو حوکمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێیان ڕاگەیەندراوە.

عومەر خاگزاد کوڕی حاسڵ ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و ئازار و ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرا و سەرەتای مانگی گەلاوێژ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

عەباس سدیقی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەتای مانگی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.