دوو هاووڵاتیی كورد لەكرماشان و كرمان دەستبەسەر كران

15:08 - 22 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامی لەدوو شوێنی جیاجیای كوردستاندا، دوو هاووڵاتیی كوردیان دەستبەسەر كردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"سورەیا نەخعی\" ئەندامی دامەزراوەی مەزهەبیی \" عرفان حلقە\" لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كرماشانەوە، رۆژی پێنجشەممەی حەفتەی رابردوو دەستبەسەر كراوە.

ماڵپەڕی \" حلقەنیوز\" باسی لە دەستبەسەر كردنی ئەو ژنە كوردە بۆ دووەمین جار كردووە و رایگەیاندووە، لەچەند مانگی رابردوودا و دوای بڵاو بوونەوەی نامەی محەمەد عەلی تاهیری ( بۆ ئەحمەد شەهید)، شەپۆلی دەستبەسەر و فشارە ئەمنییەكان بۆ سەر راهێنەرانی \"عێرفان حەلقە\" رووی لەزیاد بوون كردووە.

محەمەد عەلی تاهیری دامەزرێنەری و پەرەپێدەری تیۆری عێرفان حەلقەیە و هەتا ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر و دوایین جاریش لە هاوینی ساڵی ١٣٩٠‌دا دەستبەسەر و لەزینداندا راگیراوە.

لەلایەكی دیكەوە چالاكانی بەلووچ رایانگەیاندووە، هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"سەعید(مەسعوود) كوردستانی\" لەكاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانەی زانستی دینی \"\"‌ی شارستانی سەرباز هاورێ‌لەگەڵ سێ‌قوتابیی دیكەی سوننە مەزهەب، دەستبەسەر كراوە.

ئەو هاووڵاتییە كوردە رێكەوتی ١٠‌ی رەزبەر لە پاسگای كرمان دەستبەسەر كرابوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە ناوچەییەكانی بەلووچێستان، هەتا ئێستا دەیان كەس لەو قوتابیانەی كە بەمەبەستی خوێندن لە قوتابخانەی زانستی دینیدا روویان لە بەلووچێستان كردووە، لەگەڵ دەستبەسەری، لێپێچینەوە، لێدان و رێگریی هێزە ئەمنیەتیەیكانی ئەو ئوستانە بەرەوڕوو بوونەتەوە و ئەو بێ‌رێزی كردنانە پەرچەكرداری مەولانا عەبدولحەمید و مەولانا \"گرگیج\" و ژمارەیەك كەسایەتی ئایینی و سوننی مەزهەبی لێكەوتۆتەوە.