دوو هاووڵاتیی مەریوانی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەكانی حكوومەتەوە دەستبەسەر كران

14:48 - 27 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر دوو هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەكانی سەرسنووری مەریوان لەلایەن مەئموورانی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە قۆڵبەست كراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دوو هاووڵاتیی مەرویانی بەناوەكانی \"لوقمان ئازادی و خالید رۆستەمی\" و خەڵكی گوندی \"ساوجێ\"ی سەر بە بەخشی \"خاوومیراوا\"ی مەریوان چەند رۆژ لەمەوبەر بەهۆیەكی ناڕوون لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و بۆ گرتنگە راگوێزراون.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، كە هەتا ئێستا هۆكاری گیرانی لوقمان و خالید روون نەبۆتەوە و ئەو دوو هاووڵاتییە هەردوو لە جادەی نێوان مەریوان ـ باشماخ و گوندەكانی دەورووبەر سەرقاڵی گواستنەوەی موسافیر بوون.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا 16 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان رێژەی راستەقینە لەو ئامارە زیاترە.