دوو هاووڵاتیی لە شارەکانی سنە و ورمێ دەسبەسەر کران

21:58 - 19 رەشەمه 2719

لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیدریس محەممەدی" خەڵکی ورمێ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو لاوە کوردە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو لاوە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حكوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، لە سنە، لاوێکی دیکەی کورد بە ناوی "مەجید دیدەبان" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەو لاوە سنەییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕکەیان بێئاکام ماوەتەوە.