دوو هاووڵاتیی لە شاری دێولان دەستبەسەر کران

13:35 - 12 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، ژن و مێردێکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی\"پەروانە حوسێن پەناهی\" لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە دەستبەسەر کرا.

کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە؛ هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هەڕەشە و بێڕیزی کردن بەو ژنە کوردە، تەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

\"\"
پەروانە حوسێن پەناهی
بەپێی ئەو سەرچاویە، هاوژینی ئەو ژنە کوردەش پاش ئاگادار بوون لەو ڕووداوە، سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری دێولان دەکات و ئەو هاووڵاتییەش دەستبەسەر دەکرێت.

پێشتریش پەروانە حوسێن پەناهی سێ ساڵ حوكمی زیندانی تەعلیقی بووە و ماوەی ئەو حوکمە سێ ساڵ پێش تەواو بووە.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، چەندین کەس لە بنەماڵەی حوسێن پەناهی لەلایەن هێزە ئەمنیەتیی و ئینتزامییەکانی شاری دێولانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون.
ئەو بنەماڵەیە لە چەندین نامەی جیاجیادا داوایان لە ئەحمەد شەهید، رێكخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، رێكخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور و ... كردبوو كە داوا لە حكوومەتی ئێران بكەن فشارەكانیان بۆ سەر ئەوان( بنەماڵەی حوسێن پەناهی) كەم بكەنەوە.