دوو هاووڵاتیی شنۆیی پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کران

16:46 - 2 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شنۆ پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەدا، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ئەمین قازی" کوڕی "کەریم" و "کامیل خانلەری" کوڕی "محەممەد"، خەڵکی شنۆ، پاش بانگهێشتکردن بۆ بەڕێوەبەریی تاوانەکانی دادگای ئەو شارە، بۆ زیندان ڕاگوێزران.

حوکمی ٨ ساڵ زیندانیی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، بۆ ٦ ساڵ کەم کرایەوە و ئەو حوکمەش پشتڕاست کرایەوە.

پێشتر دادسەرای گشتی و ئینقلابی شنۆ، ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە ناوەکانی "محەممەد ئەمین قازی"، "کوروش عەزیزی" کوڕی "محەممەد ئەمین"، "ئەبووبەکر میناپاک" کوڕی "کەریم"، "مەغدید محەممەدزادە" کوڕی "ڕەحیم"، "یووسف ئەحمەدی" کوڕی "عەزیز"، "تەیب بامرووەت" کوڕی "محەممەد" و "کامیل ئەحمەدی خانلەری" کوڕی "محەممەد"، بە ٢٨ ساڵ زیندان مەحکووم کردووە.

بەپێی ئەم حوکمە، هەر یەک لەم هاووڵاتییانە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و بە پێشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ و لێکۆڵینەوەی مەئموورانی دادوەری، بە ٤ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٤ی یاسای دادڕسی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نێوخۆیی و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسران.

وێنە: محەممەد ئەمین قازی و کامیل ئەحمەدی خانلەری