دوو هاووڵاتیی شنۆیی پاش لێکۆڵینەوە دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کران

15:00 - 19 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ پاش ٢٤ کاتژمێر لە گرتنگە ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"عەبدولکەریم کاکۆڵ و سابیر زوالقەرنین\" خەڵکی گوندی \"حەسەن نووران\"ی شاری شنۆ، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و ئازار و ئەشکەنجە دراون.

ئەم دوو لاوە کوردە، پاش دەسبەسەر کرانیان لە لاین سپای پاسدارانەوە بێرێزیان پێکراوە و هەروەها ‌هێزەکانی سپا داوایان لەو دوو هاووڵاتییە کوردە کردووە کە هاوکاریان بکەن.

ئەم دوو لاوە کوردە، پاش ٢٤ کاتژمێر لێکۆڵینەوە و ئازار و ئەشکەنجەدانیان لە لایەن ‌هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازاد کراون.