دوو هاووڵاتیی شنۆیی ماوەی سێ حەوتوویە لە گرتنگە ڕاگیراون

17:21 - 17 بەفرانبار 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەماڵ قویتاسی" خەڵکی گوندی "چەشمە گوڵ" و "ڕەحمان یووسفی" خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ هێشتا ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا تەنیا جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان هەبووە و لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کردووە".

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی سەرماوەز بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە شاری ورمێ کرابوون.

وێنە: ڕەحمان یووسفی و کەماڵ قویتاسی