دوو هاووڵاتیی شنۆیی بە زیندان مەحکووم کران

11:26 - 18 خاکەلێوه 2722

دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "حەیدەر عەلیزادە" خەڵکی گوندی "قەزەناوێ" و "شێرزاد مامەندی" خەڵکی گوندی "نەرزیوێـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارە، بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، حەیدەر عەلیزادە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و شێرزاد مامەندی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی سێشەممە ١٦ی خاکەلێوە، بە شێوەی فەرمی بەو دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شاری شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبوتالیب جەلیل‌پوور" بەڕێوە چووه و دادگا ئەو دوو هاووڵاتییە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان"، تۆمەتبار کردبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٠، ئەو دوو هاووڵاتی کوردە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردبوون.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە، هێندێک کەرەستەی شەخسیی ئەوانیان وەک موبایلەکانیان، بردبوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دەسبەسەری بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو و مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.

وێنە: شێرزاد مامەندی و حەیدەر عەلیزادە