دوو هاووڵاتیی شنۆیی بە زیندان مەحکووم کران

11:34 - 13 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شنۆ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەی بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شنۆ، حوکمی ٩ ساڵ زیندانیی بەسەر دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "عادڵ سالم فەرد" کوڕی "سەنعان" و "عەبدولواحید عەلی‌نژاد" کوڕی "محەممەد"دا سەپاند.

بەپێی ئەو حوکمە، "عەبدولواحید" بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری و "عادڵ سالم فەرد" بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

دادگا ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" تاوانبار کردووە.

بەپێی بڕیاری دادگا، "عەبدولواحید عەلی‌نژاد" بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و پڕوپاگەندە دژی نیزام، بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و "عادل سالم فەرد" بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە ژماردنی ڕۆژەکانی دەسبەسەرکرانی، مەحکووم کراوە.

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران، ئەو حوکمەی بەسەر ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەدا سەپاندووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە، هاوینی ساڵی ٩٧، لەلایەن حیفازەتی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوون.