دوو هاووڵاتیی شاری پیرانشار دەستبەسەر كران

14:15 - 21 سەرماوەز 2711
كوردپا: دوو هاووڵاتیی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەو شارەوە بە هۆیەكی نادیارەوە دەستبەسەر كران.

بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە پیرانشار، دوو كەس بە ناوەكانی خدر نەبی، ناسراو بە مەحموود و سەدیق بەرشان خەڵكی گوندی \"كەوپەڕ\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر كران.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لە هۆكاری گیران و شوێنی راگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە كوردە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی رەزبەری ئەمساڵەوە هەتا ئێستا٨١ هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران دەستبەسەر كراون.

لە كۆی گشتیی ئەو دەستبەسەر كروانە حوكمی 8 كەسیان یەكلایی كراوەتەوە.

ئەو 8 كەسە لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سەد و 12 مانگ حوكمی زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

ژمارەیەكی بەرچاو لەو گیراوانە بە تاوانی هاوكاریی لەگەڵ حیزبە كوردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.