دوو هاووڵاتیی سەقزی بە زیندان مەحکووم کران

13:46 - 25 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری سەقز حوکمی ١ساڵ زیندانی بۆ دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی ئەو شارە بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سەقز بۆ دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی \"ناسر ڕەحیمی\" و \"هێمن حوسێنی\" بە شەش مانگ زیندان زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە شاری سەقزەوە پێی ڕاگەیاندووین کە دادگای شۆڕشی شاری سەقز بۆ دوو کەس لە چالاکانی تێلێگرامی، کە بە پێی حوکمی دەرچوو به وەڕێخستنی گرووپ و کاناڵ به قازانجی گرووپەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بانگەشەیان کردووە، سزای زیندانی بۆ بڕیونەتەوە.

ئەو بڕیارە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سەقز دەرچووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە یەکێکی دیکە لە چالاکانی تێلیگرامی بە ناوی \"هیوا دەست باز\" کە پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان دەستبەسەر کرابوو، هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.

هیوا دەستباز بە دانی بڕی ١٦٥ میلیۆن تمەن لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە گرتووخانەی شاری سەقز بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.