دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردی ڕۆژهەڵات لە شەڕی عەفرین گیانیان لە دەست دا

13:37 - 18 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە گیان لە دەستدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە شەڕی عەفرین گیانیان لەدەستداوە گەیشتە پێنج کەس.

بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن ناوەندی هەواڵدەریی هێزەکانی سووریەی دێموکرات بڵاو کراوەتەوە، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شاری عەفرین لە شەڕ لەگەڵ ئەرتەشی تورکیە گیانیان لە دەست داوە.

ناوەندەی هەواڵدەریی هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی\" فەرهاد مورادی\" کوڕی عەبدولڕەحیم خەڵکی ناوچەی هەورامان بە کۆدی ڕێکخراوەیی\"دەرویش ڕۆژهەڵات\" و \"ئەفشین عیساپوور\" کوڕی عیسا بە کۆدی ڕێکخراوەیی \"ئاشکار باوەڕ\" ڕاگەیاندووە.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە ڕێکەوتەکانی ٢٠ و ٣٠ ڕێبەندان، لە گوندی \"هجیکا\"ی شاری عەفرین لە کوردستانی ڕۆژئاوا گیانیان لە دەست داوە.

پێشتریش، ناوەندەی هەواڵدەریی هێزەکانی سووریەی دێموکرات، گیان لە دەستدانی سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بڵاوکردبوویەوە کە لە شەڕی عەفرین بەشداریان کردبوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانبار، دەوڵەتی تورکیە هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی بۆ سەر شاری عەفرین دەست پێکرد و لەو هێرشەدا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی بێتاوان بریندار و کوژران و هەتا ئێستا ئەو شەڕە درێژەی هەیە.