دوو هاووڵاتیی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کران

13:21 - 29 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "زاگرۆس ڕەشیدی" کوڕی "سەعید" و خەڵکی گوندی "چۆمان" سەر بە شاری بانە، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر ماشینی کەسیی ئەو هاووڵاتییەدا گرتووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، "سەعید ڕەشیدی" باوکی ئەو هاووڵاتییە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "کەریم فرووزش" خەڵکی گوندی "نەجنێـ"ـی شاری بانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر ١٥ هاووڵاتیی کورد بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری بانە، دەسبەسەر کران و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزران.