دوو هاووڵاتیی دیکە لە شاری سنە دەسبەسەر کران
ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "ئارەش فەداکار" تەمەن ٢٧ ساڵ و "ئارمان سەلیمی" لە کاتی بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز لە پارکی منداڵ (پارکی نەورۆز)ی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هێزە ئەمنییەتی و هێزەکانی دژەشۆڕش ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، هێرشیان کردە سەر ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز لە پاڕکی منداڵی سنە و هەوڵی دەسبەسەرکردنی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانیان دا.
هەروەها، سێ کەس لە بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێوڕەسمەیان بە ناوەکانی "سۆهراب جەلالی"،"جەماڵ ئەسەدی" و"فواد عینایەتیـ"ـیان دەسبەسەر و لە چارەنووسیان زانیارییەکی لەبەر دەست نییە.
٩ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عابید خورشیدی، کەیوان زەند کەریمی، سەهەند بەرزەنجی، ئارش شەکیبا، خالید حوسێنی، جەمشید فەرزی، فەردین پەیمانکار، کەیهان کاکەخانی و کەیوان مەحموودی"، لە ڕەوتی بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
هەروەها، بەتووڵ ئەعزەمی تەمەن ٧٥ ساڵ و ئاریانا سەلیمی تەمەن ١٤ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ١ی خاکەلێوە، لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوە، ئاریانا سەلیمی بە لێوەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراوە و بەتوول ئەعزەمی بە دانانی کەفالەت لە گرتنگە ئازاد کران.