دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار سەرجەم دە ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بە سەردا سەپا

11:06 - 21 رێبەندان 2720

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "خزر قادری‌ئازەر"، کوڕی عەبدووڵڵا، تەمەن ٥٠ ساڵ و "شەفیع محەممەدنژاد"، کوڕی محەممەد، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدووڵڵا ئاقایی"، هەرکامیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

دادگا ئەو دوو هاووڵاتییەی بە "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردووە و بە پشتبەستن بە مادەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٧٥ بەخشی تەعزیرات و بە لەبەرچاوگرتنی تەبسەرەی مادەی ٢ی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری پەسەندکراوی ١٣٩٩، هەرکامیانی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەسبەسەرییەکەیان، مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە ٣٠ی بەفرانباری ئەمساڵ، بە سەر ئەو دوو هاووڵاتییە سەپێندراوە و سەپاندنی ئەو حوکمە بۆ ناوبراوان بە پشبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەر، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتیە، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییکردنیان لە گرتنگە ئازاد کرابوون.