دوو هاووڵاتیی خەڵکی "نەغەدە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

11:15 - 3 بەفرانبار 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەرهەنگ عەلیزادە" کوڕی "ڕەزا" و "فەرزین عەبدوڵڵازادە" کوڕی "خالید" خەڵکی گوندی " کۆیکانـ"ـی سەر بە شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و هۆکاری گیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.