دوو هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کران

17:09 - 28 رێبەندان 2720

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئەحمەد خۆشمیرزادە" تەمەن ٣٢ ساڵ و "محەممەدئەمین ڕەحمانی" تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری شنۆ، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کراون.

ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، ئەو دوو هاووڵاتییە، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی و بەندی کانوونی زیندانی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو دوو هاووڵاتییە، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ٢٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە مەزهەبییەکان و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون.