دوو هاووڵاتیی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران

11:30 - 22 خەزەڵوەر 2722

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ١٤٠١، دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی "ڕەحمان خزمەتگوزار" و "عەلی عومەرپوور" خەڵکی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی "بابایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" هەر کامەیان بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کراون.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو دوو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکانی شاری ورمێ کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ڕەحمان خزمەتگوزار و عەلی عومەرپوور بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ڕەحمان خزمەتگوزار و عەلی عومەرپوور