دوو هاووڵاتی لە پیرانشار بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کران

12:31 - 12 رەشەمه 2719

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی ڕەشەمە، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هێرش کردنە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "سەید مستەفا سەبری" و کوڕەکەی بە ناوی "سەید ئەحمەد سەبری" لە شاری "دێی پەسوێ" سەر بە پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پشکنینی ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان کردووە و هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەوانیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سەید مستەفا سەبری، پاش چەند کاتژمێر ئازاد کراوە، بەڵام کوڕەکەی هەتا ئێستا لە گرتنگەی هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەی هەروەها وتی: "سەید ئەحمەد سەبری پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە".

هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە ناڕوونە.