دوو هاووڵاتی لە شارەکانی مەهاباد و سەقز، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

13:54 - 29 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتی کورد، خەڵکی شارەکانی مەهاباد و سەقز، دەستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕەشەممە، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بە ناوی \"سەعادەت حەسەن نژاد\" لە باغی شایگانی شاری مەهاباد، دەستی دایە خۆکوژی.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، دانیشتووی شاری مەراغە بووە و بۆ سەردان گەڕاوەتەوە شاری مەهاباد و لە هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ بە ناوی \"ئومید حەسەن پوور\" کوڕی کەماڵ بە هۆی \"کێشەی ماڵی\" دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە سەقزیە، لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، لە گەڕەکی \"تەپی ماڵان\" هەوڵی خۆکوژی داوە.