دوو هاووڵاتی دیکەی کورد لە مەریوان دەستبەسەر کران

16:06 - 28 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی ئاوایی \"نێ\"، سەر بە شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو لاوی کوردستانی رۆژهەڵات خەڵکی گوندی نێی مەریوان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکومەتەوە لە نیو شاری مەریوان دەستبەسەر کراون و تا ئیستاش لە هۆکاری گیرانیان زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، شوناسی ئەم گیراوانە بریتییە لە؛ \"ئەمیر ئەرژەنگی\" کوڕی موختار کە پیشەی ناوبراو پیشەی ئازاد بووە و هەروەها \"باست ئەفشار\".

تا ئێستا لە هۆکار و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو کەسە زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکومەت لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری تاران، لە شارەکانی سەردەشت، بۆکان، سەقز، پیرانشار و ڕوانسەر ژمارەیەک هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارانەیان دەستبەسەر کردووە.

پێشتریش ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو کە ئەگەری ڕەشبگیری لە شارەکانی کوردستان بە بیانووی ڕووبەڕوو بوونەوەی تێرۆر بوونی هەیە؛ ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک دانە پاڵی وشەی تێرۆریست و کەسانی تێرۆریست و ئەندامانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی(داعش) بە خەڵکی کورد و بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە ناڕەوا و بڵاوکردنەوەی تۆوی ڕق و قین دژی خەڵکی کورد زانیبوو و داواکاری کۆتایی هێنان بەو هەوڵە تەژی لە ڕقانە بوو.

هەروەها ڕێکەوتی ٢٥ی جۆزەردان نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە سی‌وپێنجەمین دانیشتنی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسێکی لە سەر زیندانییانی سیاسی لە ئێران کردبوو و نیگەرانی خۆی سەبارەت بە زۆربوونی دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد و کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەربڕی، داواشی کردبوو کە کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێکبهێندرێت.